Wednesday, October 22, 2025
سەرەکEventsسکۆلارشیپی چیڤنینگ ٢٠٢٦-٢٠٢٧ لە بەڕیتانیا بۆ خوێندنی ماستەر | فول فەند

سکۆلارشیپی چیڤنینگ ٢٠٢٦-٢٠٢٧ لە بەڕیتانیا بۆ خوێندنی ماستەر | فول فەند

Chevening Scholarship Program 2026-2027 in the UK

زانیاری لەسەر پڕۆگرامەکە

سکۆلارشیپی چیڤنینگ بریتیە لە پرۆگرامە نێودەوڵەتیە ناوازە و هەر ئاستبەرزەکەی حکومەتی بەریتانیا بۆ خوێندکارانی نێودەوڵەتی. ئەم پرۆگرامە کە لە لایان ئۆفیسی پەرەپێدانی بیانی و کەمنوێڵثەوە فەند دەکرێ، دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ سەرکردە بەتواناکانی داهاتوو کە لەو وڵاتە بەردەوامی بە خوێندنەکانیان بدەن

ئەم پرۆگرامە تایبەتە بە خوێندنی ماستەر و بە تەنها و بۆ ئاستەکانی دیکە نیە. خوێندکار مەرجداردەکرێ کە لە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی و ماوەی دوو ساڵ نیشتەجێبێ بەر لەوەی جارێکی دیکە بۆ بابەتی ئەکادیمی و کارکردن بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا

ئەم پرۆگرامە ساڵانە ٩٠٠٠-١٠٠٠٠ کەس لە چەندان وڵاتی جیهانەوە تەقدیمی بۆ دەکەن و ساڵانە کورسی تایبەتیان بە کوردستان و عێراق هەیە

پوختەی پرۆگرام

وڵاتی میواندار: شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانیا

زانکۆ: زانکۆ هاوبەشەکانی پرۆگرامی چیڤنینگ کە چەندەها زانکۆی ئاست بەرز لەخۆدەگرێ

ئاستی بڕوانامە: ماستەر

جۆری سکۆلارشیپ: فول فەند

دواوادەی پرۆگرام: ٧/١٠/٢٠٢٥

سودەکانی سکۆلارشیپەکە

سکۆلارشیپی چیڤنینگ سکۆلارشیپێکی فول فەندە و ئەم شتانە لەخۆدەگرێ

١. پارەی تەواوی خوێندن

٢. بڕە مووچەیەکی مانگانە بە بڕی ١٢٠٠ بۆ ١٣٠٠ پاوەند لە مانگێکدا

٣. تێچووی گەشتکردن لە عێراقەوە بۆ بەریتانیا و بە پێچەوانەوە

٤. بڕە پارەیەکی تایبەت بە ماوەی گەشتنت بە بەریتانیا

٥. بڕە پارەیەک لە کاتی گەڕانەوەت بۆ عێراق

٦. تێچووی ڤیزا

٧. گرانتی گەشتی تایبەت بۆ ئامادەبوون لە ئیڤێنتە تایبەتەکانی پرۆگرام لە بەریتانیا

بۆ وەرگیران لەم سکۆلارشیپە، پێویستە هەموو ئەم مەرجانەی خوارەوەت تیادا بەرجەستە بێت

١. مەرجە عێراقی بیت

٢. پابەند بیت بە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆت بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە دوای تەواوبوونی سکۆلارشیپەکەت

٣. بوونی تێکڕای ٢٨٠٠ کاتژمێر ئەزموونی کارکردن لە دوای تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆسەکەت. ئەم ژمارەیە بە تێكڕا دەگاتە نزیکەی ٢ ساڵ کارکردنی فول تایم. شەرت نیە ٢ ساڵ ئەزموونەکە بەسەریەکەوە بووبێ بەڵام مەرجە لە دوای زانکۆوە بووبێ و ئەم مەرجە بۆ ئەمساڵ تازە کراوەتەوە

٤. بوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس

٥. تەقدیمکردن بۆ ٣ زانکۆی بەریتانی کە بەشێك بن لە پرۆگرامی چێڤنینگ. پێویستە تا کاتی ناردنی بەڵگەنامەکانی خوێندن و ریفرێنسەکان، قبوڵی لانی کەم یەک لەم زانکۆیانەت بە بێ مەرج بۆ هاتبێتەوە

ئەم سکۆلارشیپە بۆ ئەم کەسانەی خوارەوە نابێ

١. ئەوانەی کە جنسیەی بەڕیتانیان هەیە

٢. پەنابەر بیت لە وڵاتێک کە لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نیە کە دەتوانن داواکاری پێشکەشبکەن بۆ چیڤنینگ. بەڵام، گەر پەنابەری لە وڵاتێک و ئەو وڵاتە لە لیستی ئەو وڵاتانەدایە کە دەتوانن داوااکری پێشکەش بکەن ئەوا داواکاریەکەت وەردەگیرێ

٣. ئەگەر ئێستا یان پێشتر فەرمانبەر بووبی لە یەکێک لە بالیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی حکومەتی بریتانی

٤. ئەگەر پێشتر لەسەر زەمالەیەکی تری حکومەتی بەریتانی لەو وڵاتە خوێندبێتت

تێبینی: بوونی بڕوانامەیەکی ماستەر، ڕێگر نیە لەوەی لە ڕێگەی چیڤنینگەوە تەقدیمی ماستەری دووەم بکەی

هەموو ئەپلیکەیشنێک پێویستە تەنها لە ڕێگەی پرۆتالی تایبەت بە پرۆگرامەوە بنێردرێ و بۆ تەقدیمکردن پێویستە

١. هەموو ئەو مەرجانەی لەسەرەوە باسکراون بوونی هەبێ تیاتا

٢. متمانەت بەخۆت بێ کە دەتوانی ئەپلیکەیشنێکی بەهێز بنووسی

٣. ژمارەی تەلەفۆن و ئیمەیڵت هەبێ

٤. هەڵگرتنی ئەو ئەکسێس کۆدە تایبەتەی کە لە دوای دروستکردنی ئەوکانت پێتدەدرێ

٥. بووکمارکی تایملاینی ئەپلیکەیشنەکە بکە بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو ئاگاداری پرۆسەکە بیت

چۆن دەسپێبکەی

هەنگاوی ١

دوای ئەوەی کلیک لە دوگمەی تەقدیمکردن دەکەی، لینکەکە دەتباتە سەر سیستەمی تایبەت بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پرۆگرامەکە. یەکەم جار، پێویستە مەرجە و ڕێنمایی و تێبینی پرایڤەسیەکە بخوێنیتەوە و دواتر ڕازی بی پێیان

دوای ئەوە، داوات لێدەکرێ کە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارە مۆبایلی خۆت تۆماربکەی لە سیستەمەکەدا

دوای ئەوە، بە ئیمەیڵ لینکێکت بۆ دەنێردرێ بۆ داخل بوون بە پۆرتالی تایبەت

هەنگاوی ٢

دوای کلیک کردن لە لینکەکە، وەڵامی پرسیارەکان تایبەت بە شمولکردن بدەرەوە بۆ پشراستکردنەوەی ئەوەی کە هەموو مەرجەکانی وەرگیرانت تێدایە بۆ پرۆگرامی چیڤنینگ

لە ڕێگەی ئەم پرسیارانەوە، راستەوخۆ بۆت دەردەکەوێ کە ئایا بەڕاستی شمولی ئەم پرۆگرامە دەکەیت یاخود نا. ئەگەر لە پرسیارەکان دەرنەچوویت بەڵام هەستدەکەیە هەڵەیەک ڕوویداوە، ئەوا دەتوانی دوو جاری دیکە تێستەکە دووبارە بکەیتەوە

ئەگەر دەرچووی لەم تاقیکردنەوەیە، ئینجا لینکێک دێت بۆ ئەو ئیمەیڵەی کە داتناوە و ئینجا دەتوانی لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە بەردەوام بی

هەنگاوی ٣

دوای کلیک کردن لە لینکی تایبەت بە بەردەوام بوون لە پرکردنەوەی فۆرمەکە، ئینجا شاشەکەت ئەکسێس کۆدێک پیشاندەدا. ئەم ئەکسێس کۆدە تەنها تایبەتە بە خۆت.

پێویستە ئەم ئەکسێس کۆدە تایبەتە لە شوێنێک بە سەلامەتی هەڵبگری. چونکە هەموو جارێک کە داخڵی ئەپلیکەیشنەکە دەبی، پێویستیت بەم کۆدە دەبێ

تێبینی: دەتوانی وێنەیەکی کۆدەکە بگری

هەنگاوی ٤

ئێستا تۆ دەتوانی بە تەواوی دەسبکەی بە پڕکردنەوەی فۆرمی چیڤنینگەکەت.

لە کاتی تەواوکردنی فۆرمەکەدا، بیرت بێ کە ئەگەر بۆ ماوەی ١٥ خوولەک بە ناچالاکی بمێنیەوە لەسەر پۆرتاڵەکە، راستەوخۆ لۆگ ئاوت دەکرێی. بۆیە زوو زوو هەنگاوەکانت خەزنبکە بۆ ئەوەی داتاکانت نەسڕێتەوە و پێویستە نەکات سەرلەنوێ شتەکان پربکەیەوە

پێویست دەکات هەموو بەشەکانی ئەپلیکەیشن فۆرمەکە پربکەیەوە

زانیاریە کەسیەکان

ناوی تەواوت چۆن لەسەر پاسپۆرتەکەت نوسراوە ئەوا لە پۆرتالەکە داخلی بکە. بە هەمان شێوە بەرواری لەدایکبوون و ئەدرەس و شوێنی دڵخوازی بۆ چاوپێکەوتن دیاریبکە

زانیاری وڵاتینامە

زانیاریەکانی پەیوەست بە وڵاتینامە (جنسیە) ژمارەی پاسپۆرت، و هەر زانیاریەکی دیکەی پەیوەندیدار داخل بکە

مێژووی خوێندن

زانیاری تەواو لەسەر مێژووی خوێندنت، وەک ناوی ئەو زانکۆیانەی لێیان خوێندووتە، ئەو بڕوانامەی کە خوێندووتن، وە ئەو ئەنجامانەی بەدەستتهێناون بنووسە. دەتوانی تاوەکو ١٥ زانیاری خوێندن داخل بکەی

مێژووی کارکردن

دەتوانی تاوەکو ئێنتری زانیاری داخلبکەی لەسەر ئەو ئەزموونی کارانەی کە تاوەکو ئێستا کردوونت. دواتر سیستەمەکە خۆی ئەژماری ئەوە دەکات کە ئایا مەرجی ٢٨٠٠ کاتژمێری کارکردنەکەت تیادایە یاخود نا. ئەژمارکردنەکە بە لێکدانی ژمارەی هەفتەکان بە ژمارەی کاتژمێرەکان حسابدەکرێ بۆ هەر یەکێک لەو ئیشانەی کە داخلت کردووە. لە کۆتایدا دەتوانی کۆی گشتی کاتژمێرەکان ببینی

لە ڕێگەی ئەم لینکەوە، زانیاری زیاتر دەربارەی پێداویستیەکانی ئەزموونی کار و ئەو جۆری کارانەی کە ئەژمار دەکرێ بزانە

پرۆگرامەکانی خوێندن

زانیاری تایبەت بەو ٣ کۆرسی ماستەرە داخڵ بکە کە لە بەریتانیا هەلتبژاردوون و دەتەوێ بیانخوێنی. دەتوانی لە ڕێگەی لینکی دۆزینەوەی کۆرسەکانی تایبەت بە چیڤنینگ ئەو کۆرس و پرۆگرامانە بدۆزیتەوە لەگەل ئەو زانکۆیانەی کە شمولی چیڤنینگ دەکەن

بۆ هەر یەکێک لەو کۆرسانەی هەڵتبژاردوون، پرسیاری ئەوەت لێدەکرێ کە ئایا تاوەکو ئەو دەقەیە تەقدیمی هیچ کام لەو کۆرسانەت کردووە یاخود نا. ئاگادار بە، کە لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا، داواکراو نیە لێت کە تەقدیمی هیچ زانکۆیەکت کردبێ و قبوڵت هەبێ. ئەم پرسیارە تەنها بۆ زانینی جەماعەتی چیڤنینگە و هیچی تر

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئامادەکردنی ئەپلیکەیشةی تایبەت بە زانکۆکانی بەریتانیا، ئەم لینکە بخوێنەوە

ریفرێنسەکان

لە کاتی پرکردنەوەی فۆرمەکەت، داوات لێدەکرێ کە زانیاری دوو کەس داخل بکەی کە ئامادەن ریفرێنس لێتەرت بۆ بنووسن. زانیاریە پێویستەکان بریتین لە ناوی کەسەکان، پیشەیان و زانیاری پەیوەندیگرتن پێیانەوە

گەر بانگهێشتبکرێی بۆ چاوپێکەوتن، ئەوا داوات لێدەکرێ کە دوو نامەی پشگیری (ریکەمێندەیشن لێتەر) ئەپلۆد بکەیتە پرۆتالەکە کە لە لایان ئەو دوو کەسە نوسراون کە ناویانت نوسیوە

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ریفرێنسەکان و ریکەمێندەیشن لێتەرەکان، کلیک لێرە بکە

پرسیارە وتاریەکان – ئێسەیەکان

وەڵامی ئەو پرسیارە وتاریانە (ئێسەیانە) بدەرەوە کە داواکراوە. بابەتی ئێسەیەکان بریتین لە سەرکردایەتیکردن، دروستکردنی پەیوەندی، هەلبژاردەی کۆرسەکانت، وە ئامانجە پیشەییەکانی داهاتووت

ئاگاداری لیمیتی ژمارەی وشەکان بە و تەنها بە زمانی ئینگلیزی وەڵامی ئێسەیەکان بدەرەوە

پێشنیاری ئێمە ئەوەیە کە وەڵامی ئێسەیەکان لە فایلێکی وۆرد ئامادەبکەیت و کەی تەواو بوون، کۆپی پەیستیان بکەیتە ناو ئەپلیکەیشنەکەت

بۆ زانیاری دەربارەی چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە مەرجەکانی هەڵبژاردن بۆ پرۆگرامی چیڤنینگ، کلیک لێرە بکە

هەلە یەکسانەکان

بۆ ئەوەی بتوانرێ چاودێری فرەچەشنی و هەمەڕەنگی بەژداربوانی پرۆگرامی چیڤنینگ بکرێ، لەم بەشەدا، پێویستە چەند زانیاریەک دەربارەی باکگرواندی کەسی خۆت پڕبکەیتەوە. ئەم وەڵامانە هیچ کاریگەری لەسەر بڕیاری ئەپلیکەیشنەکەت نابێ

هەنگاوی ٥

دوای ئەوەی لە هەموو بەشەکانی ئەپلیکەیشنەکە نوسرا کە تەواوبووە و سەوز بوو، ئەوا پێوویستە ئەم چەند هەنگاوەی کۆتایی بکەی

١. بە مەرجەکانی سکۆلارشیپەکە کە لە فۆرمەکەدا نوسراوە ڕازی ببە

٢. کلیک لەسەر “سەبمیت ئەپلیکەیشن” بکە و پاشان کلیک لە “پشراستکردنەوەی پێشکەشکردن” بکە

٣. شانازی بەخۆتەوە بکە کە گەیشتویتە قۆناغی کۆتایی بۆ تەقدیمکردن بۆ یەکێک لە دەرفەتە ناوازەکانی دنیا

بڵاوکراوەی پەیوەندیدار

وەڵام دانەوە

تکایە، لێرە کۆمێنتەکەت بنووسە
تکایە، لێرە ناوت بنوسە

بەناوبانگترین بڵاوکراوەکان

نوێترین کۆمێنتەکان